کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا

19:21 - 11 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری دێهلوڕان گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی \"سەعیدە چنانی\" کچی کازم خەڵکی گوندی \"نەسر\" سەر بە شاری دێهلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکان گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە، کاتژمێر ٢ی دوانێوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١١ی ڕەشەممە لە ناوچەی دەشتی عەباس ڕوویداوە.

کۆنوانسیونی قەدەغە کردنی مینەکانی دژی تاکەکەس لە ساڵی ١٩٩٧ دەستی بە کار کردووە، ئەو کۆنوانسیۆنە بە ناوەکانی کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا یان پەیماننامەی قەدەغە کردنی مین دەناسرێ و لە مانگی مارسی ١٩٩٩ ئەو یاسایە نێونەتەوەیی کراوە.

ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە \"پەیمانی ئۆتاوا\" واژۆ بکات. پەیمانی ئۆتاوا دەوڵەتەکان ئەرکدار دەکات پاش تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە شەڕ، زەوی و ناوچە شەڕلێدراوەکان لە مین و کەرەستە جەنگییەکان خاوێن بکەنەوە.