کچێکی بانەیی بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، خۆی کوشت

14:37 - 20 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، کچێکی لاوی خەڵکی شاری بانە، لە ڕێگای خواردنی \"حەبی برنجـ\"ـەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە ١٥ی جۆزەردان، کچێکی لاو بە ناوی \"سۆما خدری\"، کچی محەمەد، خەڵکی گوندی \"کێلوێـ\"ـی شاری بانە، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەم کچە لاوە لە ڕێگای خواردنی \"حەبی برنجـ\"ـەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

دیاردەی خۆکوژی نەتەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە ئێراندا، ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و هۆکاری ئەوەی کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، خۆکوژی ڕووی لە زیادبوونە، بۆ نەبوونی گەشەی ئابووری و سیاسەتی حکوومەتی ئیران و سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دەگەڕێتەوە.

هەروەها بە پشتبەستن بە ئامارەکان، ٤٧ لەسەدی خۆکوژییەکان بە شێوەی خۆهەڵواسین، ٥ لەسەدیان بە خۆسووتاندن، ١١ لەسەدیان بە چەک و ٢ لەسەدیشی لە ڕێگای ژەهرخواردنە کە خواردنی حەبی برنجیش لەم بەشەدایە.

لە کاتی خواردن یان بۆنکردنی حەبی برنج، جەستەی ئەو کەسە ژەهراوی دەبێت. ئەگەر ئەو ژەهرە لە جەستەی کەسی بەکاربەر دەرنەهێندرێت، دەبێتە هۆی مردنی ئەو کەسە.

حەبی برنج یان \"فۆسفیدی ئاڵمینیۆم\"، ژەهرێکی مەترسیدارە کە بە مەبەستی پاراستنی دانەوێڵە، برینج، کا و گزرە لە ئافات، بەکار دەهێنرێت.