کچانی شیناوێ: فریشتەکانی زاهێدان بۆنی باڵە سووتاوەکانتان گەیشتە شیناوێ

20:17 - 29 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کچانی شیناوێ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هاوخەمیی خۆیان بۆ قوربانیانی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانەی \"ئوسوەی حەسەنە\" لە شاری زاهێدان دەربڕی.

کچانی شیناوێ لەم پەیامە ڤیدیوییەدا ڕایانگەیاندووە: دیسان شینئاوێیەکی دیکە لە زاهێدان ڕووی دا. وشیار به هاونیشتمانی، لێرە شیناوێییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکەن.

کچانی شیناوێ دەڵێن: فریشتەکانی زاهیدان، بۆنی باڵە سووتاوەکانتان گەیشتە شیناوێ. دووکەڵی ئاگری دێوی نەوتیی قوتابخانەکەتان چاوی هەمووانی لێوانلێو لە خوێن کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، قوتابخانەی کچانەی \"ئوسوەی حەسەنە\" لە شاری زاهێدان، به هۆی ئاگر گرتنی سۆبەی نەوتی تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو و دوو قوتابی به ناوەکانی \"مۆنا خوسرۆپەرەست\" و \"سەبا عەرەبی\" به هۆی زۆربوونی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەست دا.

ئاگرکەوتنەوە لەم قوتابخانەیەدا کاردانەوەی توندی بەکارهێنەرانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکانی بەدواوە بوو و ئەوان لەم ڕووداوەدا دەوڵەت بە بەرپرسیار دەزانن.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەزیش، \"یکتا میرشکار\" و \" مەریەم نەوکەندی\" دوو قوتابیی دیکە کە لەم ڕووداوەدا تووشی سووتان بوون، گیانیان لە دەست دا.

ئەمە یەکەمین جار نییە که کەرەستەی گەرمایی لە قوتابخانەکانی ئێراندا، کارەسات دەخولقێنێ، لە رۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١دا، ٣٧ قوتابیی کچی قوتابخانەیەکی سەرەتایی بە هۆی ئاگرگرتنی پۆلەکەیان لە گوندی شیناوێی شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ تووشی سووتان بوون که به هۆی ئەم ڕووداوە، دوو کەس لە قوتابییەکان به ناوەکانی \"سەیران یگانە\" و \"سارینا ڕەسووڵزادە\" گیانیان لە دەست دا.

تا ئێستا، زۆرتر لە ٣٦٠ نەشتەرگەری لە سەر دەم و چاو و جەستەی کچانی شیناوێ ئەنجام دراوە بەڵام به وتەی پارێزەرەکەیان هیج باش بوونێک بەدی ناکرێت.