کچانی شیناوێ سەرەڕای ٣٦٠ عەمەلی جەڕاحی هەر کێشەیان هەیە

15:19 - 12 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کچانی شیناوێ لەگەڵ دەرد و ئازارەکانیان گەورە دەبن و تا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی ئێران وادەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ عەمەلی جەڕاحی بۆ جوانی ڕوخساری کچانی قوتابخانەی شیناوێ کراوە، بەڵام پارێزەری ئەو قوتابیانە دەڵێت هیچ سەرکەوتن و باشییەکی تێدا بەدی ناکرێت.

حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەی پایە یەکی دادگوستەری، وەرزێکی نوێی لە وەرگرتنی مافی کچانی شیناوێ دەست پێکردووە و دوای کردووە بە زووترین کات ئەو کچانه بۆ چارەسەریی پزیشكی بۆ دەرەوەی ئێران ڕەوانە بکرێن و دیەکانیش پێیان بدرێت.

ناوبراو باسی لەوە کردووە ئەگەر وڵامی داواکارییە یاساییەکانی ئێمە نەدرێتەوە، ناچارین لە تاران دەست بدەینە مانگرتن.

بە وتەی ئەحمەدی نیاز، نادیا ساڵح و مەهناز محەممەدپوور لە کچانی شیناوێ هیچ کات ناتوانن ببنە دایک و سیما شادکامیش سەرەڕای ئەوەیکە ٤ جار عەمەل کراوە بەڵام ئێش و ئازارەکانی کۆتاییان پێ نەهاتووە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، ئامینە ڕاک زیاترین ڕێژەی سووتانی هەیە و سیما مرادیش بە هۆی سووتانی زۆر ئێشی زۆری لە گەردنی دایە و ئەگەر کچی وەزیری پەروەردە و ڕاهێنان بەم چەشنە دەسووتا وا بە ساکاری لێی تێپەڕ نەدەبوون.

لە ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانە لە گوندی شیناوێی شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، زیاتر لە ٢٩ کچ تووشی سووتاوی لە نێوان ٢٥هەتا ٧٥ % بوون، کە دوو کەسیان بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەست دا.

ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانەی شیناوێ، ئاکامی نەخوازراوی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی بۆ بریندارەکان، ئەندامانی بنەماڵە و خەڵکی گوندی شیناوێ دروست کردووە.