کچ و کوڕێک لە مەریوان و سەوڵاوا، ئاگریان لە خۆیان بەردا

21:50 - 25 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە دوو رووداوی جیاجیادا کچ و کوڕێک ناوچەکانی مەریوان و سەوڵاوا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی فەریدە و کچی حەبیبوڵڵا، کە خەڵکی گوندی \"ئاڵمانە\"ی سەربە شاری مەریوان بووە، بەهۆی فشاری کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کچە تەمەن ٢٠ ساڵەیە، بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خۆشەویستەکەی بەرەوڕووی ئاستەنگ ببوویەوە، حەفتەیەک پێش ئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، کە سەرئەنجام ئەمڕۆ سێ‌شەممە لە نەخۆشخانەی مەریوان و بەهۆی سووتانی لەسەدا ٩٠ی جەستەی گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە کوڕێکی لاوی خەڵکی گوندی بێسارانی سەربە شارستانی سەوڵاوا، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بەنزینی بەسەرخۆیدا کردووەو ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە، کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە سەوڵاوا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، ئەو کوڕە، ویستوویەتی لەگەڵ خۆشەویستەکەی ژیانی هاوبەش پێک بێنێ، بەڵام باوکی ئەو کوڕە بەناوی \"محەمەد یەعقوبی\"، چوون بۆ سەربازیی کوڕەکەی کردووەتە مەرجی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی و لە ئەنجامدا کوڕەکەی خۆی سوتاندووە.

\"22112.jpg\"
پەروین زەبیحی، چالاکی ژنان
پەروین زەبیحی چالاکی ژنان لە مەریوان، لە لیدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، هەژاریی فەرهەنگی و ئابووریی بە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی خۆکوژیی لە کۆمەڵگەدا لە قەڵەم داو رایگەیاند؛ هەژاریی فەرهەنگی لە هەر کۆمەڵگەیەکی باوکسالار و چینایەتیدا هۆکارەکانی زیادبوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو خۆسووتاندنە\".

ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ گوتیشی؛ بەبێ بنبڕ کردنی فاکتۆرەکانی وەکوو هەژاریی ئابووری و فەرهەنگی لە کۆمەڵگەیەکدا کە لە کۆمەڵگەی نەریتییەوە بەرەو کۆمەڵی مۆدێرنیتە دەڕوات، ناکرێ چاوەڕوانی بنبڕ کردنی خۆکوژی بین.

زەبیحی ئەوەشی خستەڕوو، پەروەردەی پیاوان و ژنان و بەتایبەت پەروەردە و ئاگادارکردنەوەی ژنان لەو ناوچانەی کە زیاتر تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان دەبن، چ لە بیاڤی تیۆری و بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی و چ لە بواری فێرکردنیان بە پیشە و کاری جۆراوجۆر لە راستای سەربەخۆیی ئابووریاندا، دەکرێ بڕوا بەخۆبوونیان تێدا دروست بکات و ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی خۆکوژیی دەبێت.

بە گوتەی زەبیحی، خوێندەواریی لاوان و چوونە قۆناغەکانی باڵای خوێندن و هاوکات میدیای بەرپرس دەتوانێ ئاماری خۆکوژی لە کۆمەڵگەدا کەم بکاتەوە.