کوژراو و برینداربوونی ٢٥١ کۆڵبەر و ٢٠ کاسبکاری کورد لە ساڵی ٢٠١٩دا

11:32 - 23 بەفرانبار 2719

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی شیکاری- ئاماریدا، باسی لە بڵاوکردنەوەی ئاماری کوژران و برینداروبوونی کاسبکاران  لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی لە کوردستانی ئێران کردووە.

ئەو ئامارە بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆ کراوەتەوە و جیاکاریی ئامارەکە بە سرنجدان بە ناونیشانی ئەو کەسانە کە لەبەر دەستدا بووە و هەروەها ناوی ئەو کەسانە بە شێوەی pdf لەبەر دەستی خوێنەراندایە و دەتوانن بۆ دیتنی ناوی کۆڵبەران لێرە کرتە بکەن.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٢٠١٩دا: ٢٥١ کۆڵبەر لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون (٧١ کوژرا و ١٨٠ کۆڵبەریش بریندار بووە).

٦ کەس لەو کۆڵبەرە کوژراوانە  تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە و کەسێکی دیکەیان ١٨ ساڵان بووە.

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی، ٢١ کاسبکاری کورد لە جادەکاندا بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە کوژراون و برینداربوون (١٢ کوژراو و ٨ بریندار).

لەو ماوەیەدا، ٥ هاووڵاتیی مەدەنی لە جادەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان (١ کوژراو و ٤ بریندار).