١٧ کوژراو و ٤٩ بریندار لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبە کوردستانییەکان و کەمپی پەنابەرانی سیاسی

23:13 - 7 رەزبەر 2722

دوابەدوای هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەم حیزبانە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، ١٧ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٩ کەس بریندار بوونە.

کوردپا لە نویترین ڕاپۆرتی خۆیدا بە وتووێژ لەگەڵ چەندین سەرچاوەی ئاگادار، دوایین ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی سپای پاسداران دەخاتە ڕوو.

ئاماری پێشمەرگە و پەنابەرانی سیاسیی گیانلەدەستداوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:

-٦ی ڕەزبەر- میلاد پیرساحیب، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا.

ـ ٦ی ڕەزبەرـ محەممەد خەلیلی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا.

ـ ٦ی ڕەزبەرـ شیرکۆ بەرتەنی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا.

ـ ٦ی ڕەزبەرـ هاجەر زەرگە، ژنی پەنابەر لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا.

ـ ٦ی ڕەزبەرـ عومەر مەحموودزادە، ئەندامی حیزبی دێموکرات لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا.

ـ ٦ی ڕەزبەرـ ڕێحانە کەنعانی ، پەنابەری سیاسی و دووگیان لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا. منداڵەکەی ناوبراو لە دوایین ساتەکاندا لە لایەن پزیشکانەوە ڕزگار کرا بەڵام پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەست دا.

ـ ٦ی ڕەزبەرـ عوسمان فەیزە، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی پاش ڕۆژێک لە ژێر داروپەردوودا دۆزرایەوە.

ـ ٧ی ڕەزبەرـ ئەیووب هونەروەر، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات پاش ڕۆژێک بەهۆی قورسی برینەکانییەوە لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی سپادا گیانی لەدەست دا.

ـ ٧ی ڕەزبەرـ وانیار ڕەحمانی، منداڵی ڕێحانە کەنعانی پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.

هەروەها بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، ٢٠ کەس لە درێژەی هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕەکانی ئەم حیزبە و کەمپی پەنابەرانی سیاسی بریندار بوونە.

 ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەم حیزبە، هەروەها قوتابخانەی منداڵەکانیان کراوەتە ئامانجی هێرشەکانی سپای پاسداران.

ئاماری پێشمەرگە گیانلەدەستداوەکانی پارتی ئازادیی کوردستان:

٦ی ڕەزبەرـ ئومید نیکدڵ

٦ی ڕەزبەرـ ئێحسان فەرەجی

٦ی ڕەزبەرـ ئاروین سۆهرابی

٦ی ڕەزبەرـ یەدوڵڵا نووری سابت

٦ی ڕەزبەرـ یوونس غیاسی

٦ی ڕەزبەرـ سەعید ئومیدی

٦ی ڕەزبەرـ کامران ڕۆستەمی

٦ی ڕەزبەرـ ئیدریس ئەمجەدی

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی ئازادیی کوردستان، ٢٦ کەس لە ئەنجامی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕەکانی ئەو حیزبە بریندار بوونە.

ئاماری پیشمەرگە برینداربووەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان:

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ٣ پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە ئەنجامی هێرشی سپای پاسداراندا بریندار بوونە.

پاش هێرشە بەردەوامەکانی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان لە ڕۆژی ٢ هەتا ٦ی ڕەزبەر، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، سەرەڕای تۆپبارانی مەقەڕەکانی ئەم حیزبانە لە ناوچە سنوورییەکان، کەمپی پەنابەرانی سیاسی و بنکەکانی ئەو حیزبانە لە شاری کۆیە و پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران.

ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر، مەقەڕ و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سلێمانی و پارتی ئازادیی کوردستان لە هەولێر کرانە ئامانجی هێرشەکانی سپای پاسداران.

هەروەها کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەو حیزبانە کە ژن و منداڵ و خەڵكی سێڤیلی تێدا دەژین و لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی UNدان، کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە