٢ کوژراو و ٧ بریندار لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە

14:52 - 14 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٩ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوونه.

لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٩ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مین لە شارەکانی بانە، مەریوان، مێهران و پیرانشار کوژراو و بریندار بوونه.

لە کۆی ئەو ٩ هاووڵاتییە کوردە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٧ی دیکەش بریندار بوونه.

شوناسی ئەو دوو کوژراوە بە ناوەکانی: \"عەبدوڵڵا محەممەدزادە\" خەڵكی گوندی تەیناڵ سەر بە شاری مەریوان و \"عەلی نادری\" خەڵکی گوندی \"گەونتوو\" سەر بە شاری دیواندەرە ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو کەسە بە هۆی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست داوە.

لەو پێوەندییەدا، \"حەمید سەعیدی، حەدیس و ڕەزا سەیدی، شەهاب ئەکفودە، عەبدولڕەحمان شەریفی، کامیار عەبدوڵڵاهی و سەفەر ڕەحمانی\" بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوونه.

١٦ میلیۆن مینی شاراوە لە ئێراندا بوونی هەیە.

ئێران دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە و هەتا ئێستا ئەو مینانە هەڵ نەگیراوەنەتەوە و ڕۆژانە گیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.