کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لە سەردەشت

13:08 - 25 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا کە لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت روویدا، ئەندامێکی سپای پاسداران کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش لە شەڕ و تێکەڵچونێک کە لە نێوان یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئوپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و سپای پاسداران لە ناوچەیەکی سنووریی سەردەشت روویدا، ئەندامێکی سپای پاسداران کوژرا.

ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسداران، شوناسی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارنیان \"رۆحاللا سوڵتانی\" و خەڵکی دابودەشتی ئامل راگەیاندووە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لە لایەن شاخەی نیزامیی \"پژاک\"وە کوژراوه.

تاکوو ئێستا، راگەیەنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بە نیسبەت کوژرانی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران هێچ هەڵوێستێکی فەرمییان نیشان نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەند رۆژ پێش ٦ کەس لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران لە لایەن کەسانی نەناسراوەو لە بەشی شاهۆی شاری کامیاران کوژرابوون.

هەروەها لەو ماوەیەدا لە چەند گوندێکی سەر بە شاری سەردەشت تێکەڵچوون لە نێوان کەسانی نەناسراو و هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی روویداوە و چەند ئەندامێکی سپای پاسداران بە توندی بریندار بوون.

لە تەقە و تێکەڵچوونێکدا کە لە دەوروبەری گوندەکانی \"شمولە\" و\" شندرە\" سەر بە شاری سەردەشت روویدابوو، لانیکەم ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکان بریندار ببوون.

هەواڵی پێوەندیدار:
شەش ئەندامی خۆجێی سپای پاسداران لە کامیاران کوژران
بەردەوامیی نائارامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان/ برینداربوونی هێزەکانی ئێران لە سەردەشت