کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران، دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە

13:38 - 9 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، شارەکانی سنە و کامیاران بە هێزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراون و چەند هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامیاران دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ی رەشەممە، ٣ لاوی خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

شایەتحاڵێک لە شاری کامیارانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان هێزە نیزامییەکان جێگیر کراون و وێڕای پشکنین و لێپرسینەوە، کارتی پێناسیش لە هاووڵاتیان و رێبواران وەردەگرن.

چەند رۆژ پێش ئێستا کەسێک بەناوی \"ئیبراهیم محەممەدی\" خەڵکی گوندی \"بەڕوەر\" سەربە بەخشی \"کەڵاتەرزان\"ی شاری سنە بە تەقەی کەس، یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، ئەو کەسە کوژراوە یەکێک لە ئەندامانی بە پێشینەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەستێکی باڵای لە کوشت و بڕی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەدا بووە.