کوژرانی گوماناویی ژنە کارمەندێکی بانک لە ئیسلام‌ئابادی غەرب

15:07 - 7 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی شاری ئیسلام ئابادی سەربە ئوستانی کرماشان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئیلهام مەهدیان تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسلام ئاباد، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٤ی رێبەندان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژراو تەرمەکەی لەسەر رێگەی ئیسلام ئابادی غەرب بۆ گیلانی غەرب دۆزرایەوە.

دەگوترێت، کە ئەو ژنە تەمەن ٢٩ ساڵەیە کارمەندی رەسمیی بانکی میللەت \"لقی عەدادی عادڵ\" لە شاری ئیسلام ئابادی غەرب بووە.

هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئەو کچە کوردە شناسایی و دەستبەسەر نەکراوە، بەڵام هەواڵنێری کوردپا لەزاری هاووڵاتییانەوە رایگەیاند؛ کە گومانی ئەوە هەیە ئیلهام بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆی کوژرابێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ئیسلام ئابادی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ لە ماوەی ئەمساڵدا ئەمە هەشتەمین حاڵەتی کوژرانە ،کە لە شاری ئیسلام ئاباد روو ئەدات.

کوژرانی ئەم ژنە تەمەن ٢٩ ساڵەیە دوای ئەوە دەێت، کە لە رۆژانی رابردوودا هاووڵاتییەکی مەدەنی بە دەستی دەرەجەدارێکی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری ئیسلام‌ئابادی غەرب کوژراوەو هەتا ئیستاش بکوژەکەی دەستبەسەر نەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری ئیسلام‌ئابادی غەرب بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دادستان و ئیمام جومعەی ئەو شارە لە کۆبوونەوەی شۆرای فەرهەنگیی ئەو شارەدا، وێڕای پشتیوانی کردن لە حوکمی سێدارە، رایانگەیاندبوو: \" توندوتیژی بە توندوتیژی کۆنتڕۆڵ دەکرێت\".

پێشتریش سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز لە دانیشتنی بەرپرسانی پلەبەرزی حکوومەتیدا وێڕای رەخنە گرتن لە وڵاتانی رۆژئاوایی، رایگەیاندبوو : \"دژایەتی کردنی سزای سێدارە، دژایەتی کردنی حوکمی ئیسلامە\".

بەردەوامیی کوژرانی هاووڵاتییان لەو شارە نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە و خەڵکی ئەو شارە بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ هاتنە ئارای ئەو رووداوانە بە بەرپرسیار دەزانن و لەو باوەڕەدان، کە حکوومەت بۆ خۆی هۆکاری زیادبوونی توندو تیژی و تاوان لە کۆمەڵگە دایە.