کوژرانی گوماناویی هاووڵاتییەکی مەهابادی بە دەستڕێژی گوللـە

14:44 - 18 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی گومرکی شاری مەهاباد بەشێوەیەکی گوماناوی و بە زەبری چەک کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەختیار مەستانی دانیشتووی گەڕەکی \"گومرک\"ی شاری مەهاباد کە بە زەبری چەک کوژرابوو، رۆژی ١٥ی سەرماوەز تەرمەکەی دۆزرایەوە.

هەتا ئێستا بکوژ یان بکوژەکانی بەختیار مەستانی ئاشکرا نەبووە، بەڵام هاووڵاتییانی مەهابادی لەوباوەڕەدان کە ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دەستڕێژی گولـلە کوژراوە.

هەروەها بنەماڵەی مەستانی رایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە.

تەرمی بەختیار مەستانی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە نزیک بەنداوی مەهاباد دۆزراوەتەوە و هەتا ئێستاش هۆکاری کوژرانی ناوبراو نەزانراوە.