کوژرانی گوماناوی مامۆستایەکی کورد لە کرماشان

21:32 - 8 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی کوردی قوتابخانەکانی ئوستانی کرماشان بەدەستی کەس یان کەسانێکی نەناسراو بەشێوەیەکی بێ‌بەزەییانە گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان یەکێک لە مامۆستای قوتابخانەکانی کرماشان بەناوی \"ئیلخانی\" لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە بە زەبری گولـلە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: تەرمی ئەو مامۆستایە لەلایەن بکوژە یان بکوژەکانییەوە بە چەقۆ لەت لەت کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ کەسێک لەپەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئەو مامۆستا کوردەدا دەستبەسەر نەکراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئێوارێی رۆژی سێشەممە لە کاتێکدا هاووڵاتییانی کرماشان ویستیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو رووداوە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی پێکبێنن، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کران بوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، هێزە ئەمنیەکان بە هاووڵاتییانیان رایانگەیاند، هەموو جۆرە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بە تاوانی \"سیاسی\" لە قەڵەم ئەدەین و دەستبەسەرتان دەکەین.