کوژرانی کاسبکارێکی دیکە کورد لە شاری مەهاباد

13:18 - 6 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژ کردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتییەوە، لە جاددەی نێوان مەهاباد_پیرانشار کاسبکارێکی کورد کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٥ی بەفرانبار، بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان دیسان کاسبکارێکی کورد گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی \"ڕەحمەت سلێمانزادە\" ناسراو بە سلێمان گوڵیار کوڕی حوسێن تەمەن ٣٣ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ڕەحمەت سلێمانزادە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵی کەمە تەمەنە، کە یەکێکیان ٥ ساڵانە و ئەوەی دیکەیان هەشت مانگانە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئینتزامییەکان لە شوێنێک بە ناوی \"سەر مەیدان\" کە لە نێوان جاددەی مەهاباد_پیرانشار هەڵکەتوو، تەقەیان لێ کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە، ئێستە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد دایە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

هێزە نیزامییەکان بە پاساوی \"بەرنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخچییانی هەلپەرەست\" و بەبێ ئاگادار کردنەوە و بە ڕەچاو نەکردنی مەرجەکانی تەقە کردن، تەقە لە کاسبکاران دەکەن و دەیانکوژن.