کوژرانی ژنە هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن هاوژینەکەیەوە

14:22 - 29 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنە هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \" ڕووناک ڕەسووڵی\" کچی سەید ڕەسووڵ، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە لاوە کە دایکی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵەیە، بە هۆی کێشە بنەماڵەییەوە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە هێرش دەکرێتە سەری و دەکوژرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو ژنە لاوە پاش بەرکەوتنی زەربە لە سەری، تووشی خوێنڕێژی نێوخۆیی بووە و ئەمەش بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی.

توندوتیژی دژی ژنان یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی بێهداشتی گشتییە و لە نموونە بەرچاوەکانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بە ئەژمار دێت، بەڵام لە ئێران گەڵاڵەی دابین کردنی ئەمنییەت دژی ژنان لە لایەن مەجلیس و دەوڵەت بە ناڕوونی ماوەتەوە.