کوژرانی هاووڵاتییەکی کامیارانی لە مەریوان

19:24 - 20 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کامیارانی لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە لەشاری مەریوان کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ خوداد عەزیزی خەڵکی شاری کامیاران کە هاوڕێ لەگەڵ دەزگیرانەکەی سەردانی شاری مەریوانی کردبوو، بەهۆکارێکی ناڕوون لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە کوژرا.

ئەو رووداوە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز هاتۆتە ئاراوە و ئەمڕۆ چوارشەمەمە تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە لە کامیاران بەخاک سپێردراوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکار و چۆنیەتیی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی کامیاران روون نەبۆتەوە.

بە وتەی وەزیری دادگوستەریی دەوڵەتی رۆحانی رێژەی تاوان و تاوانکاری لەوڵاتی ئێران لە حەشیمەتی ئەو وڵاتە زیاترە، بەواتایەکی دیکە هەر کەسێک لە ئێران زیاتر لە دۆسیەیەکی قەزایی هەیە.

کارناسانی کۆمەڵایەتی زیادبوونی رێژەی \"هەژاری، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستهەڵگرتن لە خوێندن و نەریتی بوونی کۆمەڵگە بە هۆکارەکانی چوونەسەرەوەی رێژەی تاوان و تاوانکاری لە قەڵەم ئەدەن.