کوژرانی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیرانەوە درێژەی هەیە

21:23 - 26 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە درێژەی کوشتنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی کورد کوژراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە نزیک گوندی \"شاریکەندی\" سەر بە شاری بۆکان، لە سنووری فەرمیی کۆڵبەریی شەهابەدین، دوو هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژران و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی ئەوەیکە ماشێنی ئەو هاووڵاتییە کوردە کەل‌وپەلی قاچاغی هەڵگرتووە، تەقە لە ماشێنی ئەو هاووڵاتییە دەکەن، لە ئەنجامدا ژاڵە قادرزاده تەمەن ٣٦ ساڵ دەکوژرێت و هێزەکانی حکوومەتی ئێران، دوای ئەوەیکە ئاگادار دەبنەوە کە هیچ بارێکی قاچاغیان پێ نیە، شوێنی تاوانەکە بەجێ دێڵن\".

هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ، هێزەکانی سەر ئەو سنوورە، دەستڕێژ لە کۆڵبەران دەکەن و لە ئەنجامدا بێژوان مستەفا تەمەن ١٩ ساڵ، بە هۆی ئەوەیکە گوللە بەر سەری دەکەوێت، گیانی لەدەست دەدات.

هەروها ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی هادی مینوویی، کوڕی مەجید، تەمەن ٣٥ ساڵان، خەڵکی گوندی \"نێ\"ـی سەر بە شاری مەریوان، لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە کوژرا.

هادی مینووی خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، کە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە سەرسنووری نێوان مەریوان و هەرێمی کوردستانی باشوور کوژرا.

هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەکانی کوردستان، بە بیانووی مەئمووریەتی سنووروانی خەڵکی سڤیل و کۆڵبەران دەدەنە بەر دەستڕێژی گولـلە، کە زۆرجار گیان‌لەدەستدانی هاووڵاتییانی کوردی لێ دەکەوێتەوە.