کوژرانی ٣ مەئمووری هێزی ئینتزامی لە ناوچەی بانە و مەریوان

16:22 - 7 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە چیاکانی ناوچەی بانە و مەریوان پێکدادنێکی چەکداری لەنێوان هێزە ئینتزامییەکان و چەند چەکدارێکی نەناسراودا هاتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی لە شاری بانە، چەند رۆژ پێش ئێستا لە چیاکانی ناوچەی بانە و مەریوان، ٣ مەئمووری هێـزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پێکدادنێکی چەکداری لەگەڵ کەسانێکی نەناسراودا کوژران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک هەواڵی ئەو پێکدادانەی رووماڵ نەکردووەو هەروەها هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێرانیش ئەم هەواڵەیان پشت‌ڕاست نەکردۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، رێژەی کوژراوانی شەڕی \"چل چەمە\"ی ناوچەی دیواندەرە کە رۆژی ١ی پووشپەڕ لە نێوان چەند چەکدارێکی نەناسراو و هێزەکانی سپای پاسداراندا هاتە ئاراوە زیاتر لە ٢٥ کەس بووە، بەڵام سپای پاسداران بە ئەنقەست رێژەی کوژراوەکان ئاشکرا ناکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە زۆربەی کوژراوانی سپای پاسداران لە پێکدادنی رۆژی شەممەی رابردوودا، خەڵکی شارەکانی بانە و بیجاڕ بوون.

لەماوەی ١ مانگی رابردوودا چەندین پێکدادانی چەکداریی قورس لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هاتوونەتە ئاراوە کەلە سەرجەمی ئەو پێکدادانەدا چەندین کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران کە هاووڵاتیی کورد بوون کوژراون.

کارناسانی کاروباری سیاسی وڵاتی ئێران ئەو جۆرە رووداوانە بە پاکانەی تایبەتیی و پلان بۆ داڕێژرای نێو دەزگا ئەمنیەتیی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم ئەدەن، کەلە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا لەلایەن لێپرسراوانی ئەو حکوومەتەوە پەیڕەو کراوە.