کوژرانی لاوێکی کوردی دانیشتووی قەرچەکی تاران لەلایەن چەند تورکێکەوە

10:36 - 4 جۆزەردان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵە بە ناوی "قاسم حەیدەری" کوڕی عەلی خەڵکی شاری ئابدانانی ئیلام و دانیشتووی قەرچەکی شاری تاران، لەلایەن چەند کەسێکی بە ڕەگەز تورکەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو چەند کەسە بەهۆی دەمەقاڵێ لەگەڵ ئەو لاوە کوردە، بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەری و لە بینایەکی سێ نهۆمی فڕێی دەدەنە خوارەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "قاسم حەیدەری دەسبەجێ گیانی لە دەست دەدات و پاش دەسبەسەرکردنی بکوژانی ئەو لاوە، ڕۆژی هەینی بکوژەکان ئازاد دەکرێن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە، تەرمی کوڕەکەیان ڕۆژی شەممە ٣١ی بانەمەڕ دەبنە بەردەم دادگوستەریی قەرچەک و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن و خوازیاری سزادانی بکوژەکانی کوڕەکەیان بوون".

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "بکوژەکانی قاسم حەیدەری بە دانی پارە ڕۆژی هەینی ٣٠ی بانەمەڕ، دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە دەسبەسەرکرانیان، ئازاد کراون".