کوژرانی ٥ سەر ئەسپ و دستبەسەر داگرتنی ٣٥ ئەسپی کاسبکاران لە هەورامان و پیرانشار

16:37 - 15 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی بۆسە دانانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە سەرڕێی کاسبکارانی کورد، بوو بە هۆی بەکوشت چوونی پێنج سەر ئەسپ و دەستبەسەر داگرتنی ٣٥ سەر ئەسپی کاسبکاران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ١٣ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی جێگیر لە پاسگای \"ژاڵانە\" هێرشیان کردە سەر کاسبکاران و دەستیان بە سەر ژمارەیەک لە هێستر و ئەسپی کاسبکاران داگرت.

هەواڵنێری کوردپا لە هەورامان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە گەردەنەی تەتە بۆسەیان بۆ کاسبکاران دانابوو و لە ئاکامدا ٣٥ سەر ئەسپ و هێستری کاسبکارانیان لەگەڵ خۆیان برد.

پێشتریش، سنوورپارێزەکانی ناجا ناوچەی هەورامان، گرووپ گرووپ کاسبکاران و کۆڵبەرانیان بانگهێشت دەکرد و پێیان ڕاگەیاندبوون، لە ئەگەری پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان سنوورەکانیان لێ دادەخەن.

سنوورپارێزەکانی ناجا هەڕەشەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچەی هەورامان کردووە، لە ئەگەری هەر چەشنە پێبەند نەبوونی کۆڵبەران بە بەڵینییەکان، بە توندی لەگەڵیان هەڵسووکەوت دەکەن.

هەر لەوە پەیوەندییەدا، شەوی ١٣ی خەرمانان، پێنج سەر ئەسپی کاسبکاران لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری پیرانشار بەکوشت چوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە نیزامییەکان بە دۆشکا تەقەیان لە کاسبکاران کردووە و لە ئاکامدا ٥ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون.