کوژرانی سێ مەئمووری هێزی ئینتزامی لە سەلاسی باوەجانی

15:32 - 4 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ کەس لە مەئموورانی هێزی ئینتزامی لە شاری سەلاسی باوەجانی، لە ئەنجامی دەستڕێژیی چەکدارانی نەناسراودا کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمیر ١٠ی شەوی رابردوو رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ، لە پێکدادانێکدا لە نزیک تازاوای سەربە شاری سەلاسی باوەجانی، سێ مەئمووری هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی کوژراون.

هەواڵدەریی فارس بڵاوی کردۆتەوە، لە ئەنجامی تەقە کردنی ئەو کەسە چەکدارانەدا، فەرماندەری پاسگا، جێگرەکەی و یەکێک لە مەئموورانی ئەو پاسگایە کوژراون.

سەرچاوەریەکی ئاگادار لە سەلاسی باوەجانی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەو سێ مەئموورەی هێزی ئینتزامی، کورد و خەڵکی کرماشان بوون.

هاوکات هەواڵدەریی \"مێهر\"، ناسنامەی ئەو کەسە کوژراوانەی (\" شارۆخ مورادی\"، فەرماندەری پاسگا)، (\"بێهزاد قەلعە\" جێگری فەرماندەری پاسگا) و (\"بیژەن فەخری\"، مەئمووری ئەو پاسگایە) راگەیاندووە.

ئەو هەواڵدەرییە حکوومەتییە نووسیویشیەتی؛ ئەو مەئموورانەی هێزی ئینتزامی شەوی رابردوو لە کاتی گەشت لێدان‌دا و لە نزیک شاری تازاوا سەلاسی باوەجانی تووشی ئەو پێکدادانە بوونە.

هەروەها سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە نێوان هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران و گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە نزیک چیای شاهۆ ٥ ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و ٢ گریلای ئەو حیزبەش گیانیان لەدەست دابوو.