کوژرانی زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی فەشافوویە لە ئێراندا

15:18 - 22 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی گەڕەکی \"نازیئاوا\"ی شاری تاران، لە زیندانی فەشافوویە، بە دەستی دوو زیندانیی دیکە کوژرا.

بەپێ ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، زیندانییەکی سیاسی بە ناوی \"عەلیڕەزا شیرمحەمەدی\"، تەمەن ٢١ ساڵ، خەڵکی نازیئاوای شاری تاران، لە ئەنجامی هێرشی دوو زیندانیی ئاسایی دیکە بۆ سەر ناوبراو، لە زیندانی فەشافوویە کوژرا.

ئەو دوو زیندانییە بە \"چەقۆ\" هێرشیان کردووەتە سەر ئەو زیندانییە سیاسییە و شادەمار و زکیان بڕیوە. هەروەها پێش لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، ئەو زیندانییە سیاسییە گیانی لەدەست دا.

ئەو دوو زیندانییە کە بە کوشتنی \"عەلیڕەزا شیرمحەمەدی\" تاوانبارن، بە هۆی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر لە زیندانی فەشافوویەدا بوون.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ڕابردوو، بە هۆی چالاکی لە فەزای مەجازی دەسبەسەر و بە تۆمەتی \"بێڕیزی بە پیرۆزەییەکان، بێڕێزی بە دامەزرێنەری ئێران، بێڕێزی بە ڕێبەر و پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە ٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

عەلیڕەزا شیرمحەمەدی لە دوایین نامەیدا ڕوو بە خەڵک دەڵێت: \"من لەسەر مافویستی زیندانی کراوم، نە لەسەر بکوژبوون و تاڵانکەریم.\"

ماڵپەڕی \"هێرانا\" سەبارەت بە کوژرانی ئەو زیندانییە سیاسییە بڵاوی کردووەتەوە کە دەسپێڕاگەیشتنی ئەو دوو تاوانبارە، بە \"شتێکی تیژ\" و کرانەوەی ژووی تاکەکەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە ڕووداوێکی نائاسایی دێتە بەرچاو و هەروەها بێدەنگیی بەرپرسانی زیندانی فەشافوویە لەو ڕووداوە، پرسی کوژرانی ئەو زیندانییەی لێل و گۆماناوی وەسف کردووە.

هەتاکوو ئێستا بەرپرسانی زیندانی فەشافوویە، لەو پەیوەندییەدا هیچ لێدوانێکیان نەداوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە و ئەمەش نیگەرانی و گومانی لای چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە چارەنووسی زیندانییانی سیاسیی دیکە دروست کردووە.