کوژرانی دوو کەس لە هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە "جەکیگور"ی سیستان و بەلووچستان

12:09 - 3 رەشەمه 2719

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ئێران، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٣ی ڕەشەمە، باسیان لە کوژرانی دوو کەس لە ‌هێزە نیزامییەکانیان لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزێکی نەناسراو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا کرد.

بەپێی سەرچاوە حکوومەتییەکان، شوناسی ئەو دوو کەسە کوژراوە "ئەحمەد ڕەحمانی فەرد" ستوان یەکەم و "ئەحمەد تەوکولی"، سەرباز، ڕاگەیەندراوە.

هەواڵدەریی "بۆڕنا" لەو باریەوە ڕایگەیاند: "کوژرانی ئەو دوو مەئموورە سنوورپارێزییە، لەگەڵ گرووپێکی تێرۆریستیدا بووە کە هەوڵیان داوە بێنە نێو خاکی ئێرانەوە."

هەرچەند ئەو هەواڵدەرییە ئاماژەی بە ناوی ئەو گرووپە نەکردووە، هەتا ئێستاش هیچ لایەنێک ئەو شەڕەی لەئەستۆ نەگرتووە.