کوژرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە هۆکاری نادیار

20:50 - 6 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی ڕەوانسەر و مەریوان بە هۆکاری نادیار لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان، پاش سێ مانگ لە بێسەروشوێن بوونی، تەرمەکەی لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە دۆزرایەوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"کیومەرس محەممەدی\" خەڵکی شاری ڕوانسەر ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش سێ مانگ لە بێسەروشوێن بوونی، تەرمەکەی لە گوندی \"گڵەچەرموو\"ی شاری ڕوانسەر دۆزرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو لە شاری مەریوان، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە شارۆچکەی \"کانی‌دینار\"ی ئەو شارە لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٥ ساڵەیە \"ڕەزا نەجاڕ\" ڕاگەیەندراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری کوژرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و لایەنە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتیش لەو پەیوەندییەدا،سەبارەت بە کوژرانی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو شەو پێش، یەکێک لە دستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران، کە سەرهەنگی سپای پاسدارانی شاری مەریوانبە ناوی\"کاوە کۆنە‌پووشی\"، تەقە لە دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان بە ناوەکانی\"حاجی لەتیف نیک‌پەی و عوسمان نیک‌پەی\" (کە برا بوون) دەکات و دەبێتە هۆی برینداربوونی برایەک و کوژرانی ئەوی دیکە.