کوژران و خۆکوژی ٤ هاووڵاتیی کورد لە شاری بۆکان

16:53 - 23 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە دوو رووداوی جیاجیادا لەلایەن کەسانیکی نەناسراوەوە گیانیان لێ ئەستێندرا و هاووڵاتییەکی دیکەش کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ هاووڵاتییەک بەناوی \"مححەممەد ئەحمەد پوور\" تەمەن ٥٠ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرە تەمەن ٤٥ ساڵەکەی لە گەڕەکی \"مام ساحیب\"ی شاری بۆکان بەدەستی کاسانێکی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندرا.

ئەو ژن و مێردە خەڵکی گوندی \"سارووجە\"ی سەربە شاری \"سایین قەڵا\"ی سەربە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بوون کە بەهۆیەکی ناروون کە بەدەستی کەسانێکی نەناسراو لە شاری بۆکان کوژراون.

هاوکات لەو شەوەدا هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"ئەحمەد\" تەمەن ٤٥ ساڵ لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە \"سێ‌ڕای خاوەران\"ی شاری بۆکان سەربڕدرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵوە هەتا ئێستا ١٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تەنیا بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٤ کەسیان ژن بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری کوژرانی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری بۆکان روون نەبۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە گەڕەکی \"فەرهەنگییان\"ی شاری بۆکان هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"مححەممەد\" کۆتایی بەژیانی خۆی ‌هێنا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چۆنیەتی و هۆکاری خۆکوژیی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری بۆکان نەزانراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بەژیانی خۆیان ‌هێناوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٢٥ کەسیان ژن بوون.