کوژران و برینداربوونی ٤ کۆڵبەری کورد لە ناوچەی ماکۆ

13:53 - 30 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کورپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ٤ کۆلبەری کورد لە ناوچەی ماکۆ کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، شەوی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی پووشپەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"عەلی ئازین\" تەمەن ١٨ ساڵ، کوڕی \"خەلیل\" و خەڵکی گوندی \"بەهلوولە\" سەربە شاری ماکۆ لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکاندا سەری بریندار بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێـزانەدا ٢ برا بەناوەکانی \"حەسەن پوورمەحموود\" تەمەن ٢٦ ساڵ و \"مەحموود پوورمەحموود\" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی عوسمان و هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەش بەناوی \"پاشا پوورمەحموود\" تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی محەممەد ئەمین هەر سێ خەڵکی گوندی \"دێم قشڵاخ\"ی سەربە شاری ماکۆ بوون، بە توندی بریندار کراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار حەسەن پوورمەحموود لە ئەنجامی تەقەی هێـزە نیزامییەکاندا پشتی بە توندی بریندار کراوەو پزیشکەکانن باری تەندرووستی ناوبراویان مەترسیدار راگەیاندووەو هاوکات مەحموود و پاشا \"لاق و ران\"یان پێکراوەو لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە رێژەی بریندار کراوەکان لەو ٣ کەسە زیاتر بووە، بەڵام لەترسی هێزە حکوومەتییەکان لە چوون بۆ نەخۆشخانەکان خۆیان بواردووە.

لەو رووداوەدا کەلە کوێستانەکانی \"ساری چەمەن\" لە سنووری وڵاتی تورکیە هاتۆتە ئاراوە، زیاتر لە ١٢٠ سەر ئەسبی بارهەڵگر بەدەستی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لەماوەی ١ مانگی رابردوودا ٨ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی ‌هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـران کوژراون و بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشتن بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.