کوژران و برینداربوونی ١٤٣ کۆڵبەر لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ١٣٩٩دا

11:13 - 31 خەرمانان 2720

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٩، ١٤٣ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و برینداربوون (٣٧ کوژراو و ١٠٦ بریندار).

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران: ١٠١ حاڵەت

تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە: ١٣ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ٤ حاڵەت

لێدانی ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە: ٢ حاڵەت

کەوتنە نێو ڕووبار: ٢ حاڵەت

تەقینەوەی مین: حاڵەتێک

کوژران و  برینداربوونی کۆڵبەران بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ: ١٩ حاڵەت

شیکردنەوەی هێندێک حاڵەت:

٣ کەس لە کۆڵبەران بە ناوەکانی "موبین حوسێنی، ئارمین ئەحمەدی و مانی هاشمی"، ١٦، ١٧ و ١٤ ساڵ تەمەنیان بووە.

کۆڵبەری کوژراو، "سیراج ئەحمەدی" کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ورمێ کوژرا، سێیەمین کۆڵبەری بنەماڵەی "ئەحمەدی" بووە، پێشتر و لە ساڵی ٩٩، دوو کوڕە ئامۆزای ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوەکانی "ئەرسەلان و شەمزین ئەحمەدی"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژرابوون.

ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژ، "ئارمین ئەحمەدی" کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی مەریوان، لە کاتێکدا بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرابوو، ئەو هێزانە بە برینداری بەجێیان هێشتبوو.

ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان، "مانی هاشمی" کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی گوندی شمشێری پاوە کە بۆ کڕێنی موبایلێک چووبوو بۆ کۆڵبەری، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بەسەختی بریندار ببوو.

ڕێکەوتی ٢٣ خەرمانانی ٩٩، "سەلاحەدین عیسازادە" کۆڵبەری شنۆیی پاش ئازار و ئەشکەنجەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دواتر گولـلەیان پێوە نابوو و کوشتبوویان.