کوژران و برینداربوونی ١٨٨ کۆڵبەر لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ١٣٩٩دا

12:12 - 3 بەفرانبار 2720

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ١٣٩٩دا، ١٨٨ کۆڵبەر لە کوردستان کوژراو و برینداربوونه (٤٦ کوژراو و ١٤٢ بریندار).

چۆنییەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران: ١٣٨ حاڵەت، تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە: ١٥ حاڵەت، بەربوونەوە لە بەرزایی ٦ حاڵەت، لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە: ٣ حاڵەت، کەوتنە نێو ڕووبار: ٢ حاڵەت، تەقینەوەی مین: ٤ حاڵەت، کوژرانی ناڕوون: ١ حاڵەت و گیانلەدەستدان و برینداربوونی کۆڵبەران بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە: ١٩ حاڵەت.

خستنەڕووی هێندێک لەو حاڵەتانە:

٣ کەس لەو کۆڵبەرانە بە ناوەکانی "موبین حوسێنی، ئارمین ئەحمەدی و مانی هاشمی" تەمەنیان بە ڕیز ١٤، ١٦ و ١٧ ساڵ بووه.

کۆڵبەری کوژراو، "سیراج ئەحمەدی" کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ورمێ کوژرا، سێیەمین کۆڵبەری کوژراوی بنەماڵەی "ئەحمەدی" بووە. پێشتریش لە ساڵی ٩٩، دوو کوڕە مامی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە بە ناوەکانی "ئەرسەلان و شەمزین ئەحمەدی" بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووریی ئێران، کوژرابوون.

ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ، "عەلی بروکی میلان"، کۆڵبەری کوژراوی خەڵکی شاری چاڵدێران، پاش دەسبەسەرکردنی بە دەست‌بەستراوەیی لە مەودایەکی کەم لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژ، "ئارمین ئەحمەدی" کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی مەریوان، لە کاتێکدا بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرابوو، ئەو هێزانە بە برینداری بەجێیان هێشتبوو.

ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان، "مانی هاشمی" کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی گوندی شمشێری پاوە کە بۆ کڕینی موبایلێک چووبوو بۆ کۆڵبەری، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بەسەختی بریندار ببوو.

ڕێکەوتی ٢٣ خەرمانانی ٩٩، "سەلاحەدین عیسازادە" کۆڵبەری شنۆیی پاش ئازار و ئەشکەنجەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تیرباران کرا.

"یاسین فیکری" لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران ئازار و ئەشکەنجە داربوو و لە کاتی ئازار و ئەشکەنجەدانی بۆ ماوەی چەند کاتژمێر، لە پایگای بڕوێشکانیی بانە، لەلایەن فەرماندەی پایگاوە، فیلمی لێ هەڵگیرابووە.

"سیاوەش (چاووەش) کورەسووننی"، خەڵکی گوندی ڕاویانی قوتوور، کە لە سنووری شاری "خۆی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کوژرابوو، دێهیاری گوندەکەی خۆیان بووە.

هەروەها "حەسەن دەلایی میلان" لە مەودایەکی نزیک گوللـەباران کراوە و "ئایهان خودایی" سەری بەر تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، کەوتبوو.

بۆ دیتنی ناوی کۆڵبەرانی کوژرا و برینداربوو لێرە کرتە بکەن.