کوژران و برینداربوونی ٢٩ کۆڵبەر لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١

12:13 - 3 جۆزەردان 2722

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ سەرجەم ٢٩ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.

کوژراو: ٢

برینداربوو: ٢٧

چۆنیەتیی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران: ٢١ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ٧ حاڵەت

ڕاوەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەری: ١ حاڵەت

سنووری نەوسوود بە ٢٧ کوژراو و بریندار (١ کوژراو و ٢٧ بریندار)، سنووری شنۆ ١ کوژراو و سنووری بانە بریندارێک، کۆی ئەو سنوورانەیە کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، کۆڵبەرانی تێدا کوژراون و بریندار بوون.

پێشتر ئاژانسی کوردپا لە وتووژێک لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی لەگەڵ زۆربوونی کوژرانی کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود، ئاگادار کرابووەوە کە "زیاتر لە ٢ مانگە سنووری نەوسوود بە بەراورد لەگەڵ پێشوو کەمێک ئازادتر بووە و کۆڵبەران دەیانتوانی هاتوچۆی ئەو سنوورە بکەن، داخراوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کۆڵبەران لە شارەکانی ئیلام، سەرپێڵی‌زەهاو، جوانڕۆ، سەلاسی‌باوەجانی، ڕوانسەر و شارەکانی کرماشان، بۆ کۆڵبەری ڕوویان لە سنووری پاوە و نەوسوود دەکرد و ئەمش بووە هۆی زۆربوونی کۆڵبەران لەو سنوورە".

دەبێ بوترێت:

ئەفشار دەربازی، خەڵکی گوندی "هێیە"ی شاری شنۆ، خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو کە مانگی بانەمەڕ بەهۆی وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانی لەدەست دا.

هەروەها سەفەر سوبحانی خەڵکی دووریسانی پاوە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، سەرەتای مانگی بانەمەڕ بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە مەودایەکی کورتدا لە سنووری نەوسوود کوژرا.

فەرهاد مینایی و ڕامین باوەجانی کە سەرەتای مانگی بانەمەڕ، لە مەودایەکی کورتدا کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت تەمەنیان بە ڕیز ١٥ و ١٦ ساڵ بوون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندیی ئاماری ڕێکخراوی کوردپا:

لە ساڵی ١٤٠٠ سەرجەم ٢٢٥ کۆڵبەر لە کوردستان کوژران و بریندار بوون. (٤٣ کوژراو و ١٨٠ بریندار و هەروەها دوو کەس بەهۆی سەرما و کڕێوە بێسەروشوێن بوون).