کوژران و برینداربوونی ٢٢٥ کۆڵبەر لە ساڵی ١٤٠٠

11:50 - 1 خاکەلێوه 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی جیاکاری_ئاماری حاڵەتە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠، دەخاتە ڕوو.

لە ڕاپۆرتی یەکەم، حاڵەتەکانی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠ دەخاتەڕوو.

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە ناوەندیی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ساڵی ١٤٠٠، بە گشتیی ٢٢٥ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژرا و بریندار بوونه. (٤٢ کوژراو و ١٨٠ کۆڵبەر بریندار و ٣ کەسی بێسەروشوێن لە بەفر و کڕیووە)

چۆنییەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان: ١٢٣ حاڵەت

تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە: ١٠ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ١٦ حاڵەت

سەرمابردوویی لە بەفر و کڕێووە: ٥ حاڵەت

لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەران: ١١ حاڵەت

تەقینەوەی مین: ١٠ حاڵەت

گازگرتوویی لە ڕێگای کۆڵبەری: ٢ حاڵەت

بەربوونەوە بۆ ناو ڕووبار: ٢ حاڵەت

جەڵتەی دڵ لە کاتی کۆڵبەری: ٣ حاڵەت

خستنەخوارەوە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی: حاڵەتێک

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە ڕووداوی هاتوچۆ: ٤٢ حاڵەت

زۆرترین کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان (بە ڕیز):

یەکەم ناوچەی سنووریی بانە و بەرزاییەکانی تەتە بە ٤١٪ زۆرترین قوربانییانی کۆڵبەرانی لە خۆگرتووە.

دواتر ناوچەی سنووریی نەوسوود بە ٣١٪ لە پلەی ٢هەم دێت کە گیانی کۆڵبەران دەخاتە مەترسییەوە.

 لە درێژەدا، ناوچەی سنووریی سەردەشت و ورمێ بە ٢٨٪ لەو شوێنانەی کە بووە بەهۆی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەو ناوچە سنوورییانە.

خستنەڕووی هێندێک حاڵەتەکان:

عالیشان ئەحمەدی، خەڵکی ورمێ، کە لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی تورکیە گیانی لە دەستدابوو، تەمەن ١٥ ساڵە بووە.

تەقەی ڕاستەوخۆ بە شێوەی دەسڕێژی، زۆربەی ئەو حاڵەتانەی ئەم ئامارە لە خۆدەگرێت، کە کۆڵبەران و بە شێوەی تاک و گرووپی کوژرا و بریندار بوونه.

لە دوو حاڵەتدا، هێزە نیزامییەکانی سنووری نەوسوود و ورمێ، کۆڵبەرانیان ئازار و ئەشکەنجە دابوو کە گرتە ڤیدیۆی کۆڵبەرانی ورمێ لە کاتی لێدان لەلایەن ‌هێزە نیزامییەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی بەربڵاو، بڵاوکرابووە.

ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، محەممەدئەمین قادری، خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان حکوومەتی لە دڵی، لە سنووری ئەو شارە، دەسبەجێ گیانی لەدەستدا.

ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر، ژیان عەلیپوور، خەڵکی سەردەشت بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ئەو شارە گیانی لەدەستداو و ناوبراو برای هوشمەند عەلیپوور زیندانیی سیاسییە کوردە.

ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر، محەممەد خودایی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بانە، لە سنووری ئەو شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، ٤ گولـلە بەر ناوقەدی کەوتبوو، کە گیانی لە دەستدابوو.

ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار، ٣ کۆڵبەر خەڵکی گوندی باوان سەر بە شاری ورمێ، بە ناوەکانی بەهلوول سەیدانی‌فەرد، بارزان مەیهەنی و ئەسعەد سەیدانی‌فەرد، لە سنووری ورمێ، بەهۆی بەفر و کڕیووە بێسەروشوێن بووە و هەتا ئێستا جەنازەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی دانا ساڵحپوور، خەڵکی بانە، لە کاتی کۆڵبەری کەوتە ناو ڕووباری "تاژەبان" و خنکا.

ئامادەکردنی: ئەوین مستەفازادە