کوژرانی کاسبکارێک و برینداربوونی کۆڵبەرێک لە سەردەشت

11:19 - 7 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: کاسبکار و کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٦ی بەفرانبار، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "محەممەد ڕەشیدزادە"، خەڵکی گوندی "قەلەڕەشە"ی سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو کاسبکارە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە سنووری قەلەڕەشەی سەردەشت، لەلایەن  هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ئەو کاسبکارانەیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو داوەتە بەر دەستڕێژیی گولـلە.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "خدر بینەوا"، خەڵکی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەو شارەدا بەتوندی بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت کراوە و باری تەندروستیی نالەبار ڕاگەیەندراوە.