کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەری کورد لە پیرانشار

14:30 - 6 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار و کوژراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"سەقەڕ\"، لە سنووری شاری پیرانشار، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایەبەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"سەید کامیل باڵاشار\"، خەڵکی شاری پیرانشار گیانی لە دەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"عەزیز شۆخەڵان\" و \"سەلاح شێخ محەممەد\" بەسەختی بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر شتومەکەی ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە و هەروەها زیاتر لە ٥٠ سەر ئەسپ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بەکوشت چوون.

لە لایەکی دیکەوە، لە هەمان ڕۆژدا ٥ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە درانەبەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە سەختی بریندار بوون.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە \"کوسەرەت مامەند\"، تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"دۆڵەتوو\"ی سەردەشت و \"حوسێن\"، تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی گەرەدەنە، ڕاگەیەندراوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە باری تەندروستیان باش نییە و حوسێن تەمەن ٢٥ ساڵ بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"قەڵادزێ\" لە هەرێمی کوردستانی عێراق کراوە.