کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەری کورد، لە سنووری چاڵدێران

16:28 - 28 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری چاڵدێران، لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ٢٧ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ئەنجامی دەسڕێژ لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی کوردیان لە سنووری شاری چاڵدێران کوشت.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی \"نعمەت شەهبازی حەیدەرانلوو\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"عیسا گۆلێکـ\"ـی شاری چاڵدێران ڕاگەیەندراوە.
ئەو کۆڵبەرە کوردە، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش تەقەی هێزە نیزامییەکان دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە، ئەو کۆڵبەرانەیان داوەتە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"عزەدین حوسێن نژاد و پەیمان قولیزادە\" بە توندی بریندار بوون.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراون.