کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ناوچەی سۆما و برادۆست

13:11 - 11 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان لە سنووری نێوان پارێزگای ورمێ و وڵاتی تورکیە تەقەیان لە سێ کۆڵبەری کورد کرد کە لە ئاکامدا دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، سێ کۆڵبەری کورد خەڵکی ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێ، لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکومەت پێکران.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی سۆما و برادۆست شوناسی دوو کۆڵبەرە کوژراوەکەی بە ناوەکانی \"م.ق\" تەمەن ٢١ ساڵ و \"الف ق\" تەمەن ٢٠ ساڵ ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی کۆڵبەرە بریندارەکە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم سێ کۆڵبەرە هیچ شتومەکێکیان پێ نەبووە و هێزە سنوورپارێزەکان بەبێ هۆ تەقەیان لێکردوون.

بە وتەی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی \"کۆڕان\" لە ناوچەی سۆما و برادۆست، هەتا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێکیان لە سەر چۆنیەتی کوژران و بریندار بوونی ئەو سێ کۆڵبەرە کوردە نەداوە.

ڕوودانی ئەو رووداوە لە حاڵێکدایە کە وەزیری ناوخۆی ئێران حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، پیشەی کۆڵبەری نامێنێت و بۆ ئەو گوندانە هەتا ٥٠ کیلۆمێتری دەکەونە سەر سنوور، کارتی پیلەوەرییان بۆ دروست دەکرێت.