کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە سەردەشت

20:23 - 17 جۆزەردان 2720

ئەمڕۆ شەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سەردەشت، تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێک بە ناوی "عومەر مەسلەحەتی فەرد" خەڵکی ئەو شارە گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوی "ئومید کوشیار" و "عەبدولڕەحمان شایقی" خەڵکی گوندی "مێرئاوا"ی سەردەشت بریندار بوونە.

ئەو ڕووداوە، لە ناوچەی سنووری شاری سەرەشت ڕوویداوە.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەو کۆڵبەرانەیان داوەتە بەر دەسڕێژیی گوللـە.

 لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری بانە کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "عەلی مەعارفی" خەڵکی گوندی "نەنۆڕ"ی  ئەو شارە بریندار کرا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ٢٠ کۆڵبەری کورد لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردان هەتا ١٧ی جۆزەردان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و تورکیە لە سنوورەکانی کوردستان  کوژراو و بریندار بوونە.

لە کۆی ئەو ئامارە، ٥ کۆڵبەر کوژراوە و ١٥ کۆڵبەری دیکە بریندار بوونه.