کوژران و برینداربوونی سێ هاووڵاتی لە سنووری شاری شنۆ

11:31 - 18 گەلاوێژ 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدئەمین ئەحمەدی" کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "لاجان"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری شنۆ، گیانی لەدەست دا.

هەروها دوو هاووڵاتیی دیکەش بە ناوەکانی "زورار ئەحمەدی" خەڵکی گوندی "لاجان" و "عوزەیر سابیری‌ئازەر" خەڵکی "دزە"ی مەرگەوەڕ، بەتەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەو سێ هاووڵاتییەیان، بە گومانی قاچاخی مەڕ و ماڵات، داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: تەرمی محەممەدئەمین ئەحمەدی، بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە و بریندارەکانیش لەو نەخۆشخانەیە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: لانیکەم چوار هاووڵاتیی دیکە لە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە سنووری شنۆ، دەسبەسەر کراون.

محەممەدئەمین ئەحمەدی و زورار ئەحمەدی بران.

محەممەدئەمین ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

وێنە: محەممەدئەمین ئەحمەدی