کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

14:14 - 8 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمە کۆڵبەرێک بەناوی عارف پیرۆتی کوڕی مووسا و خەڵکی گوندی \"خانەگێ\"ی سەربە ناوچەی \'تەرگەوەڕ\"ی ورمێ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لەسەر سنوور کوژرا.

دەگوترێت، کە ئەو کۆڵبەرە کوردە لەکاتی گەڕانەوە لە سنوور و لە شوێنێک بەناوی \"گەلی بەردەڕەش\" تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامدا دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، شەوی شەممەی ئەم حەفتەیە رێکەوتی ٣ی رەشەمە، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی وەهاب حوسێنی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی وەلایەت، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە توندی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"بڕوێشخۆران\"ی سەربە ناوچەی سەڵماس بووە، کەلە سەر سنووری نێوان سەڵماس و وڵاتی تورکیا، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئاماری کۆڵبەرانی کورد رایانگەیاندووە، پێویستە حکوومەتی ئسیلامیی ئێران گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا پێک بێنێت و هاوکات دەبێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش سەرنجی ئەم مەسەلەیە بدات و نەهێڵن چیدیکە کۆڵبەرانی کورد لە پێناو بژیویی ژیاندا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بکوژرێن.