کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە شارەکانی سەردەشت و چاڵدێران

12:16 - 14 بانەمەڕ 2720

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی سنووری "نۆکان و کانی زەرد"ی سەردەشت کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێک بە ناوی "محەممەد ئیبراهیم‌ زادە" تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "نەبی ئاوێـ"ـی شاری ڕەبەت، گیانی لەدەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و لە مەودایەکی کورتدا، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی "سدیق ئەحمەدی" لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی سنووری "وەکیل" سەر بە شاری چاڵدێران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کرابوو.