کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

10:19 - 25 بەفرانبار 2721

ڕۆژی هەینی ٢٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مێهران ڕەحمانی" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی غەفوور خەڵکی گوندی "مەنیجەڵانـ"ـی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "کێلێـ"ـی ئەو شارە گیانی لەدەست داوە و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ئیبراهیم ڕەحمانی" بریندار بووه.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئەو دوو کۆڵبەرەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، داوەتە بەردەسڕێژی گولـلە  و لە ئاکامدا، کوژراو و برینداربوونی ئەو دوو کۆڵبەری لێ کەوتووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو:هێزە نیزامییەکان ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەیان لە کاتی گەڕانەوە لە کۆڵبەری، بە بێ ئەوەیکە هیچ جۆرە شتومەکێکیان پێی بێت، تەقەیان لێ کردوون.

سەرچاوەی کوردپا باسی لەوە کرد کە ئیبراهیم ڕەحمانی خاڵۆی مێهران ڕەحمانییە و هەر دووانیان خێزاندارن و مێهران ماوەیەکی کەمە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

سەرچاوەی کوردپا ڕایگەیاندووە ئیبراهیم ڕەحمانی لەو ڕووداوەدا، کە بە سەختی بریندارببوو، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.