کوژران و برینداربوونی دوو کاسبکار لە مەریوان

10:42 - 12 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە مەریوان، کاسبکارێک گیانی لەدەست دا و کاسبکارێکی دیکە بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "مەهدی یووسفی"، خەڵکی گوندی "مێرگەدرێژ"ی مەریوان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا و کاسبکارێکی دیکە بە ناوی "یەعقووب ڕەزایی" بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە نزیک گوندی "ساوجیـ"ـی مەریوان، تەقەیان لەو دوو کاسبکارە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "مەهدی یووسفی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە و "یەعقووب ڕەزایی" بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی مەریوان کراوە.

دەوترێت، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کاتێکدا تەقەیان لەو دوو کاسبکارە کوردە کردووە کە ئەوان هیچ شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.