کوژران و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کرماشانی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان

15:24 - 22 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان لە ناوچەی هەمەدان بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوی بێهزاد یاری تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی فەرەیدوون بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران کوژرا.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، رووداوەکە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز لەنزیک گوندی \"نەهاوەند\"ی سەربە شاری \"رەزن\" لە ئوستانی هەمەدان هاتۆتە ئاراوە و بێهزاد یاری بەهۆی بەرکەوتنی دوو گولـلە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکە گوتیشی کە هاوکات لەو رووداوەدا موحسین محەممەدی بەهۆی بەرکەوتنی گولڵەیەک کە لە شانی دراوە، بە توندی بریندار کراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە بنەماڵەی بێهزاد یاری گوتیشی؛ بێهزاد و موحسین لە تارانەوە بەرەو کرماشان لەحاڵی گەرانەوەدا بوون و هەتا ئێستاش تەرمی بێهزاد رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و موحسین محەممەدی بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.

هەروەها گوتیشی رۆژی پێنج‌شەممە یەکێک لە مەئموورانی ئیدارەی ئاگاهیی هەمەدان کە بەزەیی بەحاڵی ئێمەدا هاتەوە پێی راگەیاندین \"هێندیک ماشێنی ژومارەی (١٩) کە پلاکی تایبەت بە ئوستانی کرماشانە چەند جارێک سیمی برقی ناوچەی هەمەدانیان دزیوە و مەئموورانی ئاگاهی بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە بێت تەقەیان لە ماشێنی پرایدی بێهزاد یاری کردووە\".