کوژران و برینداربوونی دوو برا بە دەستی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران

14:38 - 5 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی، تەقەی لە دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی\"نێ\"ی شاری مەریوان کرد کە لە ئاکامدا کوژراو و برینداربوونی ئەم دوو کەسەی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، یەکێک لە دستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران، کە سەرهەنگی سپای پاسدارانی شاری مەریوان بووە، تەقەی لە دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان (کە برا بوون) دەکات و دەبێتە هۆی برینداربوون و کوژرانی ئەو دوو برایە.

\"\"
حاجی لەتیف نیک‌پەی
شوناسی ئەو دوو برایە بە ناوەکانی\"حاجی لەتیف نیک‌پەی و عوسمان نیک‌پەی\" ڕاگەیەندراوە و هەروەها شوناسی بکوژەکەش بریتییە لە \"کاوە کۆنەپۆشی\" سەرهەنگی سپای پاسداران.

کاوە کۆنەپووشی ئەندامی سپای پاسداران بووە کە بە چەکی سپا تەقەی لەو دوو برایە کردووە و پاش کوژران و برینداربوونی ئەو دوو هاووڵاتییە، هێرشی کردووتە سەر ماڵی حاجی لەتیف و ئاگری لە ماڵەکەی بەرداوە.

ئەو ڕووداوە لە سێڕێیانی بێهزیستی شاری مەریوان ڕوویداوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: پاش ئەو ڕووداوە، خەڵکی مەریوان هێرش دەکەنە سەر ئەو ئەندامەی سپای پاسداران برینداری دەکەن و هێزە حکوومەتییەکان کاوە کۆنەپۆشی لەو ڕووداوە دەرباز دەکەن.
بە وتەی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری مەریوان، تەرمی حاجی لەتیف ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلی شاری مەریوان کراوە و لەو پەیوەندییەشدا، شەوی رابردوو هێزێکی زۆر لە ئەندامانی سپا و هێزە ئینتزامییەکان لە بەردەم دەرگای ئەو نەخۆشخانە کۆبوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە بۆ پزیشکی یاسایی شاری سنە ڕەوانە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، کاوە کۆنەپۆشی لەگەڵ هیوا تاب یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران و ئاوەڵزاوا بوون.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک لە شاری دیواندەرە، لە لایەن یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتییەوە کوژران.