کوژران و بریندار بوونی ٣ کەس لە هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە

15:14 - 28 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ٣ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لەگەڵ هەڵۆکانی زاگرۆس، کوژرا و بریندار بوون.

\"هەڵۆکانی زاگرۆس\" بە بڵاو کردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاندووه کە لەو شەڕ و تێکهەڵچوونی، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، لە شوێنێک بە ناوی \"خێڵە ڕەش\"ـی شاری بانە، یەکێک لە هێزە نیزامییەکان کوژراوه و دوو کەسی دیکە بریندار بوونه.

\"هەڵۆکانی زاگرۆس\" شوناسی ئەو مەئموورە کوژراوەی هێزە نیزامییەکانیان بە \"ئارمان فەخری\" ڕاگەیاندووە و دوو کەس لە بریندار بووەکانیش بە ناوەکانی \"لوقمان خیاڵی و مەنشلوو\" بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی سەلاحدین ئەیووبی بانە ڕاگوێزراون.

لەو پەیوەندییەدا،شەوی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ماشینی هەڵگری هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە جاددەی \"بەردەبووک-بانە\" لە لایەن گرووپێکی چەکدارەوە درایە بەر دەسڕێژی گووللە و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، چوار کەسیان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەڵۆکانی زاگرۆس لەو بەیاننامەیەدا، بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ گرتووە.