کوژران و بریندار بوونی سێ کۆڵبەری کورد

14:14 - 30 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری پیرانشار بەهۆی تەقەی ڕاستەخوی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ خەزەڵوەر، هێزەکانی حکوومەتی لە شاری پیرانشار ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\"حەسەن مورادی\" خەڵکی گوندی\"ئەمنئاوێ\" ی شاری پیرانشار گیانی لە دەستدا و دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بە ناوەکانی \"ڕەحمان مەحموودنژاد\" و \"سمکۆ ئەحمەدیان\" بە سەختی بریندار بوون.

\"\"
سمکۆ ئەحمەدیان
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سمکۆ ئەحمەدیان بە هۆی بەرکەوتنی سێ گوللە بە توندی بریندار و لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار نەشتەرگەری بۆ کراوە.

هەروەها لە چارەنووسی ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە لەو ڕووداوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و لە ترسی دەستەسەرکردنیان ژمارەیەک لە کۆڵبەران خۆیان حەشار داوە.

کۆڵبەری یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانە کە ڕووبەری خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بووەتەوە و بنەماڵەیەکی زۆر لەو ڕێگایەوە بژیوی ژیانیان دابین دەکەن.

بە پێی ئاماری تۆمار کراوە لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ١٢١ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژراون و بریندار بوون.

هەتا ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حقووقی و حەقیقی لە پەیوەندیی لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورەکانی کوردستان لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە و دۆسیەی قەزایی کەسانێک کە بریندار یان گیانی خۆیان لە دەست داوە بە بیانووی\"پاراستن و پارێزگاری لە سنوورەکان\" بە ئاکامێکی دڵخواز و روون نەگەیشتووە.