کوژران و بریندار بوونی دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری شاری سەردەشت

16:16 - 16 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، کوژراو و بریندار بوونی دوو کۆڵبەری لە سنووری شاری سەردەشت بەدواوەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری سەردەشت کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئازاد قوربانی نژاد" خەڵکی گوندی "میرشێخ حەیدەر" گیانی لە دەستدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "موحسین بەکر عەزیز" خەڵکی گوندی "دۆڵەگەرم" بە سەختی پێکرا.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت: موحسین بەکر عەزیز، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان کراوە.

دەوترێ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی، ئەو ژمارە کۆڵبەرە کوردەیان  داوەتە بەر دەسڕێژی گوللە.