کوژران و بریندار بوونی دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییی شاخدا

15:00 - 18 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە شارەکانی ورمێ و هەورامان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییدا کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە ١٦ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"تاهیر چاشنی دڵ\" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"حەلج\" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بە هۆی بەربوونەی لە بەرزاییی شاخدا، گیانی خۆی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەره کوردە، لە کاتی هەڵگرتنی \"بار\" لە کێوی \"چیمەن\" هەڵکەوتوو لە سنووری نێوان ناوچەی مەرگەوەڕێ ورمێ و شەمزینانی کوردستانی تورکیه تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەممەد کەریمی\" خەڵکی گوندی \"دزڵی\" سەر بە شاری هەورامان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی \"تەتە\"بە توندی بریندار بوو و لاقێکی شکا.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، تەرمی دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"جەدیح و سەبری وەلی‌نژاد\" خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە لە کاتی کۆڵبەریدا لە ژێر هەرەسی بەفردا گیانیان لە دەست دابوو، دوای چوار ڕۆژ لە بەرزایییەکانی مارمیشۆدا دۆزرایەوە.

بە هۆی سەرما و سۆڵە لە ئەمساڵدا ٥ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە.