کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزییەوە درێژەی هەیە

14:55 - 23 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: موتەکەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان هەروەها بەردەوامە و بە نزیک‌بوونەوە بە وەرزی گەرما ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە پەرە سەندن دان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە ٢١ی جۆزەردان، دارستانەکانی دەوروربەری گوندی\"قوڵقوڵە\" لە ناوچەی مەریوان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

ئەو ئاگرکەوتنەوە پاش سێ کاتژمێر بە هەوڵی کومیتەی پێشگیری لە قەیرانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کۆنتڕوڵ کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا دوو حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی گەڕەکی چوارباخ و دەوروبەری کارخانە قیری مەریوان رووی دا.

تاکوو ئێستا هەواڵێک لە مەڕ ئاگرکەوتنەوەکە و ئەو خەسارەی لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دراوە بڵاو نەبووەتەوە.

\"26952.jpg\"
دارستانەکانی دەوروربەری گوندی\"قولقوڵە\" لە ناوچەی مەریوان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون
لەلایەکی‌دیکەشەوە بەشێک لە دارستانەکانی سەیرانگای \"داڵانی\"ی جوانڕۆ بە هۆی ئاگرکەوتنەوە بوون بە خۆڵەمێش.

ئەنجومەنی ماپریسی جوانڕۆ دوای کونتڕۆڵ کردنی ئاگری دارستانی سەیرانگای داڵانی، هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی، \"مرۆیی\" راگەیاند.

هەروەها رۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، دارستانەکانی مەریوان لە حەوت شوێنەوە ئاگریان تێبەر بوو.

دارستانەکانی گوندی \"قوڵقوڵەی\" لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان، دارستانەکانی گوندی \"گێلی کەران \"لە بەشی سەرشیو، دارستانەکانی گوندی \"ئیسولە\" لە بەشی سەرشیو، دارستانەکانی گوندی \"قەڵاگا\" لە نزیک سەوڵەت ئاوا، دارستانەکانی گوندی \"کەڕاوا\" لە نێوان سنە و مەریوان و پووش و پەڵاش و دارەکانی گەڕەکی \"دارسەیرانی\" مەریوان لەو شوێنانە بوون لە ئاگرکەوتنەوە تێیاندا رووی داوە.

تەواوی ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە هەوڵی کومیتەی پێشگیری لە قەیرانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هاووڵاتییانی کورد کونتڕوڵ کراون.

وێنە: سمکۆ عەزیمی- ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان