کوڕ و کچێک لە شاری پیرانشار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

15:21 - 30 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆکاری ناڕوون کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و ئەوەش وەک زەنگی مەترسییەک لەو شارە ناوی لێ دەبردرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو لاوی دانیشتووی شاری پیرانشار بە هۆکاری نادیار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ئەو کوڕ و کچە تەمەنیان نزیک ٢٥ ساڵ بووە و خەڵکی گوندەکانی \"کۆنەلاجان و شەختان\"ـی سەر بە شاری پیرانشار بوونە و دەستیان داوەتە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانیان لە دەست داوە.

شوناسی ئەو کچە (ف.ه) ڕاگەیەندراوە و تەمەنی ٢٤ ساڵ بووە کە بە ڕێگای خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ٢٦ی بانەمەڕ لە شاری بۆکان پیاوێکی میانساڵ لە ناوچەی عەلی ئابادی بۆکان و لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە گەڕەکی فەرهەنگیانی کۆن لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

لەو پێوەندییەدا، لە شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان لاوێک بە ناوی \"محەممەد\" و هەروەها ٤ کەسی دیکە لە شاری سەقز لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

زۆربەی ئەو خۆکوژیانەش لە ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستانی ئێراندا بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و بنەماڵەییەکان دەگەڕێتەوە و هەنووکە بە شێوەیەک دیاردەی خۆکۆژی لە ئێراندا پەرەی ئەستاندووە کە بە سۆنامیی خۆکوژی ناوی لێ دەبەن.