کووتاڵ فرۆشێکی تەمەن ٥٥ ساڵ لە پیرانشار کوژرا

14:50 - 2 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی کە لە ماوەی رابردوودا بڵاو بوونەتەوە، رێژەی تاوان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رووی لە زیادبوون کردووەو لە رۆژانی رابردووشدا هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٥ ساڵەی پیرانشاری کوژراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەک بەناوی مەلا سەلاح، تەمەن ٥٥ ساڵ و دانیشتووی پیرانشار، کە چەند رۆژ پێش ئیستا لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرابوو، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١ی بانەمەڕ تەرمەکەی دۆزرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە گوندەکان سەرقاڵی کوتاڵ فرۆشی بووە و لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە بە هۆکارێکی ناڕوون گیانی لێ ئەستێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ تەرمەکەی لە شوێنیک بەناوی \"گەڵی لگ بنێ\" دۆزراوەتەوە و بە مەبەستی پشکنین رەوانەی پزیشکی دادوەریی پیرانشار کراوە.

دەگوترێت، دوو کەس لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی مەلا سەلاح‌دا دەستبەسەر کراون، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە.

لە پەیونەدی لەگەڵ هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا خالید تەوەکولی، کۆمەڵناس لە شاری سەقز پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو؛ کاتێک فشاری ئابووری لەسەر خەڵک بێت، بێکاری بگاتە ئەوپەڕی خۆی و ئازادییە سیاسییەکان سنووردار بن، توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا روو لە زیادبوون دەکات و خەڵک لە هەمبەر یەکتردا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.