کوشتنی ئەسپی کاسبکاران و زەوت کردنی بارەکانیان لە نەوسوود

14:54 - 10 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"پەروینی\"ی شاری نەوسوود بۆ سەر کاسبکارانی کورد، چەندین سەر ئەسبی بار هەڵگر بەکوشت چوون و سەرجەم بارەکانیشیان دەستی بەسەردا گیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٩ی جۆزەردان هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پاسگای \"پەروینی\"ی ناوچەی ئاوەزنێ سەربە شاری نەوسوود ١٥ سەر ئەسبی بارهەڵگەری کاسبکارانیان زەوت کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بڕی ٦٠ میلیۆن تمەن کەلوپەلی کەسێک بەناوی \"ئاراس بەهرامی\" دەستی بەسەردا گیراو لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەشدا چەندین سەر ئەسبی بارهەڵگریش بەکوشت چوون.

هەروەها لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا لە گوندەکانی دەوروبەری شاری نەوسوود چەندین جار بەبڕی ١٠٠ هەتا ١٥٠ میلیۆن تمەن کەلوپەلی کاسبکارانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.